24 Ocak 2011 Pazartesi

بسم الله الرحـمن الرحيم

وتەی چوارەم

بسم الله الرحـمن الرحيم

(الصَّلاةُ عمادُ الدِّين)

ئەگەر دەتەوێت ڕادەی گرنگیی نوێژت بۆ دەربکەوێت و، بزانیت چ دەسکەوتێکی گەورەیە و، چۆن مرۆڤ ئەم دەسکەوتەی بە ئاسانی دەستگیر دەبێت..

ھەروەھا ئەگەر دەتەوێ گێلی و تێ‌نەگەیشتنی ئەو کەسەت بۆ دەربکەوێت کە ئەم پەرستشە ئەنجام نادات و، بزانیت چەندە مرۆڤێکی زەرەرمەندە..

ئەگەر حەز دەکەیت ئەمانە بزانیت و بە ئەندازەی (دوو کەڕەت دوو دەکاتە چوار) لێی دڵنیا ببیت، ئەوا سەرنج لەم چیرۆکە کورتە بدە و لـێی ورد بەرەوە:

جارێکیان فەرمانڕەوایەکی گەورە دوو خزمەت‏‏گوزاری خۆی بۆ باخچەیەکی تایبەتیی جوان نارد کە دوو مانگ ڕێ دوور بوو، تاکو پێی بگەنە مەزراکە و لەوێ نیشتەجێ ببن. یەکی بیست‏و‏چوار لیرەی زێڕیشی دانێ و پێی‏‏وتن‏‏:

(بلیت و پێداویستی‏یەکانی گەشتەکەتان و‏‏، پێویستی‏یەکانی ناوماڵ و نیشتەجێ‌‏بوونتان، بەم پارەیە بکڕن‏‏.. دوای ڕۆژە ڕێ‌‏یەکیش دەگەنە ئیستگایەک کە ھەموو ھۆکارەکانی گواستنەوەیان تێدایە لە ئۆتۆمبێل و‏‏، فڕۆکە و‏‏، شەمەندەفەر و‏‏، پاپۆڕ‏‏.. سواربوونی ھەرکام لەمانەش بە گوێرەی سەرمایەی ئەو کەسەیە کە سواری دەبێت).

ئەوانیش دوای وەرگرتنی ئەم دەرس و ئامۆژگارییانە، کەوتنەڕێ‌. یەکێکیان لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی بەختەوەر و شادمان و ژیر بوو، بەشێکی پارەکەی بە جۆرێک فەرمانڕەوا پێی ڕازی بێت، خستەکار و کەسابەتەوە تا گەیشتە ئیستگاکە و‏‏، سوود و قازانجێکی زۆری لـێ دەست‏کەوت بە چەشنێک کە سەرمایەکەی یەک بۆ ھەزار زیادی کرد.

بەڵا‏م ئەوی تریان کە تابڵێی بەدبەخت و بەدخوو بوو، تا گەیشتە ھەمان جێ‌، بیست و سێ لیرەی لە قوماروموماردا خەرج کرد و تەنھا یەکێکی پێ مایەوە! لەبەر ئەوە، برادەرەکەی پێی‏وت:

کاکی خۆم! ئەم لیرەیەی ئێستا پێت‏ماوە بلیتی سەفەری پێ بکڕە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگا دوور و درێژەدا بە برسێتی و ئاوارەیی نەمێنیتەوە، بە خۆڕایی لە دەستی مەدە. فەرمانڕەوای گەورەشمان تابڵێی لـێبوردە و جوانمەردە، بەڵکو لە کەم‏وکووڕی‏یەکانت خۆش ببێت و تۆش سواری فڕۆکە بکات و پێکەوە لە ماوەی ڕۆژێک‏دا بگەینە نیشتەجێی خۆمان. خۆ ئەگەر بە گوێیشم نەکەیت، ئەوا ناچار دەبیت کە بە پێ بکەویتە ڕێ و بە دوو مانگی ڕەبەق و بە برسێتی و نامۆیی و تەنیایی ئنجا بیبڕیت و بگەیتە جێ‌.

جا ئەگەر ئەم ھاوڕێ‌یە سەرپێچیی نواند و بەو تاکە لیرەیە ئەو بلیتەی نەکڕی = کە وەک کلیلی دەرگای گەنجینەیەک وایە = بەڵکو لە ئارەزوو و ڕابواردنێکی سەرپێ‌یی‏دا بەکاری ھێنا، ئایا تێ‌نەگەیشتووترین مرۆڤیش ئەم کارە بە بێ‌‏عەقڵی و بەدبەختی لە قەڵەم نادات؟

* * *

ئەی ئەو کەسەی نوێژ ناکات! ھەروەھا ئەی نەفسی خۆیشم کە حەزت لە نوێژ نی‏یە و پێت ناخۆشە!

مەبەست لەو فەرمانڕەوایە: خوای پەروەردگار و بەدیھێنەرمانە‏‏..

دوو خزمەت‏گوزارەکەش: یەکێکیان ئەو کەسەیە کە ڕێی ئایینی گرتووەتە بەر و‏‏، زۆر بە پەرۆش و تاسەوە نوێژەکانی دەکات‏‏.. مەبەست لەوی تریشیان ئەو مرۆڤە بێ ئاگایانەیە کە وازیان لە نوێژکردن ھێناوە‏‏..

بیست‏وچوار لیرەکەش، بریتی‏یە لەو بیست‏‏و‏چوار سەعاتەی شەو و ڕۆژ کە تەمەنی مرۆڤیان لـێ پێک‏دێت..

باخچە تایبەتی و جوانەکەش بریتی‏یە لە بەھەشتی بەرین‏‏..

مەبەست لە ئیستگاکەش گۆڕی مرۆڤە، کە لێیەوە دەڕوات بۆ جیھانێکی تر‏‏..

گەشت‏ و‏ سەفەرەکەش، ئەو گەشتەیە کە مرۆڤ لە سەرەتای لەدایک‏‏بوونیەوە دەستی پێ‌‏دەکات و بە دەرگای گۆڕدا تێ‌‏دەپەڕێت تا دەگاتە ئەو دنیای ھەمیشەیی و ئنجا لەوێ کۆتایی بە گەشتەکەی دەھێنێ‌.

ڕێڕەوانی ئەم ڕێگایەش بەش ‏بەشن‏، ھەر بەشەی بەپێی پایەی کردەوەکانی خۆی پلەی بۆ دانراوە، ھەندێک لەو خواپەرستانە وەک ھەورەبروسکە ماوەی ھەزار ساڵ بە یەک ڕۆژ دەبڕن‏و، ھەندێکی تریان = وەک خەیاڵ = لە یەک ڕۆژدا ماوەی پەنجا ھەزار ساڵ دەبڕن، وەک قورئانی پیرۆز لە دوو ئایەت‏دا پەنجەی بۆ ئەم ڕاستی‏یە ڕاکێشاوە‏‏1..

مەبەست لەو بلیتەش (نوێژ)ە‏‏..

لە ڕاستی‏دا تەنھا یەک سەعات لەو بیست‏و‏چوار سەعاتە سەروزیادە بۆ نوێژ و دەستنوێژی ماوەی ئەو شەو و ڕۆژە.

ئایا ئەو کەسەی کە بیست‏و‏سێ سەعاتەکەی شەو و ڕۆژ بۆ ئەم دنیا زۆر کورت و کەمە سەرف دەکات و تاقە سەعاتێکیشی بۆ ژیانی نەبڕاوەی ھەمیشەیی تەرخان ناکات، چەندە ستەم لە خۆی و کارێکی دوور لە ژیری دەکات؟!

بەڵێ، لە کاتێک‏دا خەرج‏کردنی نیوەی سامان لە قومارێکی وەک (یانصیب)دا کە ھەزار کەس بەشداریی تێدا دەکەن، بەلای ھەندێکەوە بە کارێکی ژیرانە دەژمێررێ‌، کە ڕێژە و گریمانی بردنەوەشی یەک لە ھەزارە، دەبێ ئەو کەسەی کە یەک لە بیست‏وچواری سامانی خۆی لە قازانجێکی گومان لـێ نەکراودا و لە دەست‏کەوتنی گەنجینەیەکی ھەمیشەیی‏دا بەشدار نەکات = کە ڕێژەی قازانجی لە سەدا نەوەدونۆیە = دەبێ ئەو کەسە لەوپەڕی گەوجی و بێ عەقڵی‏دا بێت!

لە ھەمان کاتیش‏دا نوێژکردن حەسانەوەیەکی تابڵێی گەورە بە "ڕۆح" و "دڵ" و "عەقڵ"ی مرۆڤ دەبەخشێت، جگە لەوەش کارێکی قورس نییە بۆ "لەش"ی مرۆڤ. سەرەڕای ھەموو ئەمانەش، ئەو کەسەی نوێژەکانی بەجێ دەھێنێت، بەھۆی نییەتی پاک و خاوێنەوە، ھەموو کار و کۆششێکی حەڵا‏ڵی تری بۆ دەبێت بە پەرستش و، بە عیبادەت بۆی دەژمێررێت.

بەم چەشنە، مرۆڤی نوێژکەر دەتوانێت ھەموو سەرمایەی تەمەنی بەرەو ئاخیرەت بەڕێ بکات و، بە تەمەنە کورت و فانی‏یەکەی دنیای، تەمەنێکی ھەمیشەیی لە دواڕۆژدا بەدەست‏ بھێنێت.





1 لەوانەیە نووسەر ئاماژە بۆ ئەم دوو ئایەتە بکات: (وَاِنَّ ێوْماً عِنْدَ رَبِّک کألفِ سَنَە مما تَعُدُّون) (الحج:47) ، (تَعْرُجُ الملائکە والروح اِڵیھ فی یوم کان مقدارھ خمسین ألف سنە) (المعارج:4)ەرگێڕ)

Hiç yorum yok:

Yorum Gönder